بوکان موکریان _ ژیاننامه مامۆستا محەممەد قازی؛
محەممەد قازی لەناودارترین وەرگێرکانی ئێران بوو.
١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٢٩٢ی کۆچی ھەتاوی (١٩١٣ی زایینی) لە شاری مەهابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بوو. لە خزمەت مامۆستا گیوی موکریانی دا دارەدارەی زمانی فەڕەنسەی کرد. بۆ خوێندن ڕووی کردە تاران و زۆربەی ژیانی لەوێ بەسەر برد.
ساڵی ١٣١٥ لە دارەلفۆنوون کە بەناوبانگترین خوێندنگەی تاران بوو خوێندنی بەر لە زانستگەی تەواو کرد و سێ ساڵ دواتر، لە ١٣١٨دا بڕوانامەی «ماف» ی لە زانستگەی تاران وەرگرت. ساڵی ١٣٢٠ لە وەزارەتی دارایی دامەزرا.
١٣٢٣ ژنی ھێنا و دوو منداڵیان بوو، بە ناوەکانی مریەم و فەرھاد. ساڵی ١٣٣٧ لە لایەن زانستگەی تارانەوە خەڵاتی باشترین وەرگێڕی درایە. ساڵی ١٣٣٧ خێزانی کۆچی دوایی کرد.
ساڵی ١٣٤٩ ژنی ھێنایەوە. ساڵی ١٣٥٤ دوچاری شێرپەنجەی قوڕگ بوو و بۆ چارەسەری ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کرد. پاش گەڕانەوەی ئیتر بەبێ میکڕۆفۆنێکی سەر قوڕگ کەس دەنگی نەدەبیست. ساڵێک دواتر، لە ١٣٥٥دا بەھۆی ئازاری نەخۆشیەکەیەوە داوای خانەنشین بوونی کرد و خانەنشین کرا.
زۆربەی کارەکانی وی وەرگێڕان لە زمانی فەڕانسەوە بۆ زمانی فارسییە. یەکێک لە بەناوبانگترین بەرھەمەکانی وەرگێڕانی ڕۆمانی دۆن کیشۆت کە خەڵاتی باشترین کاری وەرگێڕانی ساڵەکانی ١٣٣٦ و ١٣٣٧ی کۆچی ھەتاوی بۆی بە دیاری ھێنا.
جگە لە وەرگێڕان، قازی بۆخۆی چەن بەرھەمیشی نووسیوە کە ئەوانیش ھەر بە زمانی فارسین. بە ھاوکاریی ئەحمەد قازی ڕۆمانی ژانی گەلی برایم ئەحمەدیشی لە کوردییەوە کردە فارسی.
قازی بێجگە لە توانستی لە بواری وەرگێڕاندا، خاوەن بیروزەینێکی سەیر بوو و ھەزاران شێعری لەبەر بوو. جگە لەوە بۆخۆشی شێعری دادەنان.
ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی کۆچی ھەتاوی (١٩٩٨ی زایینی) لە تەمەنی ٨٤ ساڵەییدا، لە نەخۆشخانەی ئێرانمێھر لە تاران کۆچی دوایی کرد و ھێنرایەوە مەھاباد و لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتان لە پاڵ مامۆستا ھێمن و ھەژار و خاڵەمین و ماملێ و ناودارانی تری کوردەوە بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرا.
https://www.boukanmukryan.ir/?p=4190