×

منوی بالا

منوی اصلی

دسترسی سریع

اخبار سایت

فوری

امروز : چهارشنبه, ۲۶ اردیبهشت , ۱۴۰۳  .::.   برابر با : Wednesday, 15 May , 2024  .::.  اخبار منتشر شده : 0 خبر
۲ی ڕەشەممە، ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی هەژار موکریانی (شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ)

اینفوگرافی؛(کوردانە)

 

ژیان نامە مامۆستا هەژار موکریانی:

«عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی» کوڕی حاجی مەلا محەممەد بووە و لە ساڵی ١٩٢٠دا لە مەهاباد لە دایک بووە و بە لاویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونە تەرەغە. لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لە لای باوکیدا و دواتر لە حوجرەکاندا لە بەر دەست چەند کەس لە مامۆستا ئایینییەکان، دەرسی گولستان و بووستانی سەعدی خوێندووە. بەڵام بەپێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوردا باسی دەکات، دەستکەوتێکی زۆر کەمی بووە. باوکی ھەژار کەسایەتییەکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، ھەر ئەمەش ھانی داوە کە کوڕەکەی خۆی (ھەژار) ھەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە مەکتەب و حوجرە. لە ساڵی ١٩٤٠ دەستی بە ھۆنراوە وتن کردووە و ھۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی ، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لەسەر ھەستی بووە.
ھەژار ھەر سالی ١٩٤٧دا ناچاری بەجێ ھێشتنی وڵاتی دەبێ و ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. لە پاییزی ١٩٤٧ بۆ چارەسەر کردنی نەخۆیشی سیل بوو، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق. لە ساڵی ١٩٥٣ لە ڤێستیفاڵی لاوانی جیھان لە شاری بوخارێستی ڕۆمانیا بەشدار بووە. پاشان جارێکی تر لە حکوومەتی ئەوسای عێراق قاچاخ دەبێ، بەرەو سووریا ڕادەکات، و ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ لە ئاوایی توربەسپیسان لە سووریا لای حاجۆ ئاغای دەوڵەمەندی کورد ژیاوە. تا ساڵی ١٩٥٧ لەوێ بووە، لە پاشاندا گەڕاوەتەوە بەغدا. کوودەتا سەربازییەکەی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ی بەغدا دەرگای شادی لە ڕووی ھەژاردا کردەوە، لە ھەژاری ڕزگاری بوو، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە ئاوارەییەکەی ڕووسیایەوە بۆ وڵات. دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی و لە ساڵی ١٩٦٣ دا، ھەژار دەچێتە پاڵ شۆڕشەکە. کاتێک ڕێککەوتتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکوومەتی عێراق مۆرکرا، ناردرا بۆ بەغدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکێتی نووسەرانی کورد کە تازە لە ١٠ی شوباتی ١٩٧٠دا دامەزرا بوو، لە کۆنگرەیەکەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد و توانی لە ساڵی ١٩٧٢دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات.
دوای ھەرەسھێنانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥دا ماڵەکەی لە بەغدا تاڵان کرا. دوای ئەوە ڕۆشتە شاری کەرەجی ئیران و تا کۆتایی ژیانی (ساڵی ١٩٩١) لەوێ مایەوە. ھەژار لە دوای شۆڕشی سالی ۱۹۷۹ ئێران ، کاتی خۆی تەرخان کرد بۆ دانانی فەرھەنگی زمانی کوردی و وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کوردیدا.

ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. لە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ١٩٩١ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی شاری مەھاباد بەخاک سپێردرا.

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • پیام هایی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.